هەموو کەس پێم دەڵێ نەخۆشیت.
مەلایەک هەبوو لە حوجرە دەرسی بە منداڵان دەگوت؛ بەڵام زۆر لێیان تووڕە دەبوو؛ و لێیانی دەدا. یەکێک لە منداڵەکان ئەوەی بۆ باوکی گێڕایەوە. باوکی گوتی تۆ بوەستەب بزانە چۆن مەلا دەکوژم! سبەینێ چووە مزگەوت و چاوی بە مەلا کەوت؛ هەواڵپرسیی کرد و ئینجا گوتی مامۆستا خوانەخواستە نەخۆش نیت؟ مەلا گوتی نەوەڵڵا شوکر باشم! کابرا گوتی ئەدی بۆ ڕەنگت وا زەردە؟ دوورکا، وێدەچێت ناساز بیت! ڕەنگت زۆر تێکچووە! مەلا گوتی وەڵڵاهی هەست دەکەم کەمێک ناسازم. کابرا گوتی مامۆستا کەمێکی چی کوڕە لەبەرچاوی من هیچ وەک خۆت نەماویت... ئیدی ئەوەندە لەم قسانەی کرد مەلا ئەو ڕۆژە بە منداڵەکانی گوت ئەمڕۆ نەخۆشم ناتوانم دەرستان پێبڵێم؛ یەکسەر خۆی کۆکردەوە گەڕایەوە ماڵەوە. کە مەلاژن لە دوورەوە چاوی بە مەلا کەوت، بەلایەوە سەیر بوو کە بۆچی لەکاتی چێشتەنگاودا قوتابییەکانی بەجێێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە. پێش ئەوەی مەلاژن قسە بکات مەلا لە دوورەوە بانگی کرد، ژنەکە زووکە جێگام بۆ ڕاخە هیلاکم. مەلاژن گوتی چی بووە؟ چی قەوماوە؟ خۆ تۆ ڕۆیشتی ساخ و سڵامەت بووی، چیت بەسەر هاتووە؟ مەلا گوتی ژنەکە زۆر نەخۆشم! کاتی ئەم قسانە نییە، جێگام بۆ ڕاخە! مەلاژن گوتی ئێ باشە چ نەخۆشییەکتە؟ کوێت دەیەشێت؟ مەلا گوتی نازانم، قەت ئاوام لێ نەقەوماوە! دەمرم ئەمە دەردی مردنمە! مەلاژن گوتی خوا نەکا مەلا گیان، چۆن قسەی وا دەکەیت؟ کێ دەڵێت دەمریت؟ ئەسڵەن کێ دەڵێت نەخۆشیت؟ مەلاگوتی ژنەکە هەموو کەس وا دەڵێن!

نظرات
ارسال یک نظر