چەوەندەر
مام قادر گوتی بەیانییەک ژنەکەم لێفەی لەسەرم هەڵدایەوە و گوتی قادر! قادر! هەستە درەنگە! نوێژەکەت بخوێنە! منیش تاقەتی هەستانم نەبوو گوتم ژنەکە لێمگەڕێ زۆر نەخۆشم. چەند جارێکی تریش بانگی کردم.. هەر گوتم نەخۆشم! ئاخری زەردە لە سەرانی دا هاتەوە سەرم گوتی قادر هەستە ئەو مەنگایانە لە ژوورێدا مردن لە برسان لە تینوان! هەستە بڕۆ تاقەتیان کە! گوتم ژنەکە تۆ باوەڕم پێناکەیت؟ کچێ بڕوات بێ زۆر نەخۆشم ناتوانم هەستم. ژنە گوتی باشە چیتە کوێت دێشێ؟ گوتم جا چیت لێ بشارمەوە؟ وەڵڵاهی چەوەندەر لە قوونم دا شین بووەتەوە؛ حەجمینم نەماوە! ژنە بڕێک خۆی نارەحەت کرد و بە خۆیدادا و… گوتم ناڕەحەتیی ناوێ. نەخۆشیە و خودا ناردوویەتی؛ بەڵام کچێ دەستم دامێنت، هیچکەس لێت نەزانێ! با ئابڕووم نەچێ! گوتی نا نا چۆن باسی شتی وا دەکەم؟!
دوای ماوەیەک ژنە مانگا و ماڵاتەکەی تاقەت کرد و چوو بۆ کانی، لە ڕێگا تووشی دایکی دەبێ و هەواڵپرسیی یەکتری دەکەن. ژنە دەڵێ دایە گیان شتێکت پێدەڵێم بەس کەس لێت نەزانێ! دایکە دەڵێ چی بووە رۆڵە؟ ژنە دەڵێ ماڵم خراپ بوو، قادر دوو چەوەندەری لە قوونیدا شین بوونەتەوە. دایکە بە چەپۆکان بە سەری خۆیدادەدات؛ دەڵێ دەک دایکت بمرێ رۆڵە! کچەکانی من هەموو ئاوا بەدبەختن، هەر کامەی نەهاتییەک روویان تێدەکات. تا ئێوارێ لەم زار بۆ ئەو زار، هەموو ئاوایی هەواڵی چەوەندەرەکانی قوونی مام قادر دەزانن. ئێوارێ کۆمەڵێک لە برادەرانی مام قادر کۆدەبنەوە و دەڵێن با بچین هەواڵێکی بپرسین. کە دەچنە ماڵەوە دەبینن مام قادر لە نێو جێدا کەوتووە. دووای سەلام و چاک و چۆنی و من خۆش و تۆ خۆش، دێنە سەر باسی نەخۆشیی مام قادر؛ و دەڵێن برا ئێمە زانیومانە حەوت چەوەندەر لە قوونت دا شین بوونەتەوە!! دەکرێ پێمان بڵێیت ئەوە چۆن بووە و چۆن روویداوە؟
مام قادر لە ژێر لێفەکە دێتە دەرێ و لەسەر دۆشەگەکە دادەنیشێت و دەسدەکات بە پێکەنین و شتەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە. پاشان دەڵێت من بە ژنەکەمم گوت کە هیچکەس لێی نەزانێت. قوونیشم پێشانی ژنەکەم نەداوە تا بزانێ چەند چەوەندەری تێدا شین بووەتەوە؟ ئەوا لە بەیانییەوە تا ئێوارێ بوونەتە هەفت چەوەندەر! باشە تۆخوا ئێوە باوەڕ دەکەن چەوەندەرێک لە تەندووردا بپیشێندرێت و پیاو بیخوات و وورد وورد بیهاڕێت، دووای شەوێک لە زگی دا شین ببێتەوە؟
ئەوا هەر ئێستا لەسەر دەستی ئێوە سێ بەسێ ئەو ژنەم تەڵاق دا و لەگەڵی ناچمەوە ژێڕ لێفە.

نظرات
ارسال یک نظر