مزەی عەجەمییشم لێ گێڕاوەتەوە

 


وەستا برایم گێڕایەوە گوتی لە گوندێک ئاشەوان بووم.  رۆژێک کابرایەکی عەجەم باراشی هێنابوو بۆ لای من. ئەو رۆژە نۆرەی نەگەیشت؛ شەوەکە لای من مایەوە و تا بەیانی لەگەڵ کابرای عەجەم گوزەراندمان.  کابرای عەجەم بارەکەی زۆر بوو، باری چوار گوێدرێژ بوون، منیش بە دەرفەتم زانی تا بەشێکی باشی لێ گل بدەمەوە؛ ئاخر چەتوونە ئاشەوانی وا دەسکەوێت فێڵ و درۆ لە کارەکەیدا نەکات.  زۆربەی ئاشەوانان درۆ و فێڵبازی دەکەن. دوای ئەوەی کە ئاردەکەم بۆ هاڕی گوتم جا وەرە بۆت هەژمار بکەم. کاکە گیان، ئاردەکەت یەکەمجار مزەی ماندووبوونی خۆمی لێدەردەکرێت، پاشان ئاوانەی لێدەردەکرێت، ئینجا بێڵانەی لێدەردەکرێت، مزەی کا و جۆی گوێدرێژەکانتی لێدەردەکرێت، مزەی نان و چا و نوستنی لێدەردەکرێت، مزەی چرا و فتیلەی لێدەردەکرێت و... بە کورتی بیبڕینەوە کابرای عەجەم کە باری چوار گوێدرێژی هێنابوو بارە ئاردێکی بارکردبوو بردییەوە!  بەڵام کابرای عەجەم ئاقڵ بوو کاتێ کە لای من رۆیشتبوو، رێک و راست چووبووە ماڵی ئاغا و سکاڵای کردبوو. زۆری نەخایاند دوای رۆیشتنی کابرای عەجەم پیاوی ئاغا بە دوامدا هات؛ گوتی ئاغا فەرموویەتی هەر ئێستا بگاتە دیوەخان. کاتێ کە چووم تەماشا دەکەم کابرای عەجەم ئەوە لەوێیە. ئاغا بەتووڕەییەوە ڕووی تێکردم گوتی وەستا برایم من ئاشم داناوە بۆ خزمەتی خەڵکی یان بۆ رووتاندنەوەی خەڵکی؟ ئەوە کارە تۆ کردووتە؟ چۆن لەباری چوار گوێدرێژ، سێت لێ گلداوەتەوە؟  خوا شتی وا قەبووڵ دەکات؟ منیش وەک چۆن بۆ کابرای عەجەمم هەژمار کردبوو، ئاوایش بۆ ئاغام دووبارەکردەوە و گوتم ئاغا بەسەری تۆ من لە شەوی دیکەوە دەگەڵ ئەو کابرایە بە زمانی عەجەمی دەدوێم، وەڵڵاهی مزەی ئەویشم لێ گێڕاوەتەوە. پاشان ئاغا بە پێکەنینەوە گوتی خودا غەزەبت لێبگرێ ئەوە کەی ئاشەوانییە؟ بڕۆ بارە ئاردەکانی پێبدەوە من خۆم حیسابێک بۆ تۆ دەکەم.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب