هەڵیکەی سەیری دەکەی. بیچێژی دەیڕێژی.

 

لە گوندێکی دوورە شار کابرا بە ژنەکەی دەڵێ ئافرەت دەی بزانە ئەو ریس و خوری و مووە چیمان ماوە بیبەمە شار بیفرۆشم؟  ژنە هەموو ماڵ سەنگ و سووژن دەکات لە چەند گڵۆڵە بەنێک زیاتری بەرچاو ناکەوێت. بۆ مێردەکەی دەهێنێت و لەبەردەمی دایدەنێت؛ دەڵێ ئەوەندەمان هەیە.  کابرا دەچێ چەند دانە کیسەڵێک لە مەزرا دەگرێت و دەیانهێنێتەوە. هەریەکەی هەندێک ریسیان لێ دەئاڵێنێت و دەیانکاتە گڵۆڵە. گڵۆڵەکان دەهاوێتە نێو تێڕ و لەکەر باریان  دەکات بەرەو شار. لە ڕێگادا تووشی کەسێکی دی دەبێت ئەویش باری کەرێک ماستی پێیە ودەیباتە شار بۆ فرۆشتن. تومەز ئەویش فێڵی لە ماستەکەدا کردووە. بنی مەنجەڵەکانی بە قەسەڵ پڕ کردووە، سەرەوەکەشیانی بە ماستێکی پەیت و جوان داپۆشیوە.  کە دەگەنە یەکتری و هەواڵ و ئۆغری یەکتری دەپرسن هەردووکیان نیاز و مەبەستیان دەگۆڕێت و دێنە سەر بروایە کە لەو چؤڵەوانییەدا شتەکە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە، بەر لەوەی بگاتە بازاڕ. بەڵێ، قسە لە بارەکانیان دەکەن و دەست دەکەن بە مامەڵە.  کابرای خاوەن ماست دەڵێت: کوڕە ماستی من هەر ماست نییە، ئەکسیرە ئەکسیر. بەو خودایە هەر بیچێژی، هەرچی ماستە دەیڕێژی! کابرای دیکە دەڵێت: ئەدی ریسەکەی من بۆ ناڵێیت؟ ئاوا لێی مەڕوانە کە گڵۆڵەیە؛ هەر بردتەوە ماڵەوە دەزانی چییە. ئەوسا هەڵیکەی، سەیری دەکەی!  هەر لەوێ بارەکان سەربەسەر دەگۆڕنەوە و هەرکامەیان بە ڕێگای خۆیدا دەگەڕێتەوە ماڵەوە. کابرای خاوەن ریس لە دوورەوە بانگی ژنەکەی دەکات و دەڵێت: ئافرەت وەرە خودا ناردی، کیسەڵەکانم سەربەسەر گۆڕینەوە بەم ماستە جوانە. کاتێک کە کەوچک دەخەنە نێو مەنجەڵە ماستەوە تەماشا دەکەن هەمووی قەسەڵە لە باتی ماست.  کابرای خاوەن ماستیش دەچێتەوە و بە ژنەکەی دەڵێت: ژنەکە لە ڕێگای شار تووشی گێژ و حۆلێک بووم هەموو مەنجەڵە قەسەڵەکانم سەربەسەر لەگەڵی گۆڕییەوە بەم ریسە جوانە. هەموو دەڵێی ئاوریشمە. کاتێک کە خەریکی هەڵکردنەوەی گڵۆڵە ریسەکە دەبن دەبینن کیسەڵ دەست دەکات بە جووڵە جووڵ.


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب