هەر شەش تەڵاقم کەوتبێ هەر بەشی من دەکا!


 

سەردەمی شۆرشی ئەیلوول بوو.  حکومەتی ئێراق خەریک بوو هێرش بکاتە سەر ڕانییە؛ و ماوەیەک بوو سەرگەرمی ئامادەکاری بوو.  هەر ڕۆژێ لە لایەکەوە سەرباز و جبەخانە و جاش و ماشی دەهێنان و جێگیری دەکردن. ڕۆژێکیان عەلی شەعبان کە دەسەڵاتدار و هەمەکارەی ناوچەکە بوو؛ لەلایەن بارزانییەوە دەسەڵاتی تەواوی پێدرابوو، هەر خۆی بکوژ و ببڕ بوو، بە خۆی و کۆمەڵێک یاوەر و چەکدارەوە چووە بەرزاییەکی کێوەڕەش تا بە دووبین بڕوانێتە ناوچەکە و لە ئاست و ڕاددەی پێشڕەوی و سەنگەرلێدانەکانی حکومەت ئاگادار بێت؛ و ئەمانیش تەدبیری خۆیان بکەن بۆ شەڕ و بەرگری.  کوێخا رەسووڵ ناوێکی لەگەڵ بوو کە وەک دەستەڕاستی خۆی حیسابی بۆ دەکرد. عەلی شەعبان بەوردی بە دووربین سەیرێکی هێزەکانی حکومەتی کرد و ئینجا بە قسە شەرحی دا کە هێزەکان هێندە زۆرن و لە فڵانە خاڵ و فیسار خاڵ جێگیر بوون. کوێخا ڕەسووڵ گوتی دەی تۆخوا دووربینەکە بدە بە من. دوربینەکەی وەرگرت و بە چاوییەوە ناو و سەیری ئاراستەی هێزەکانی حکومەتی کرد و گوتی: دەی هەر شەش تەڵاقم کەوتبێ ئەوەندە هەر بەشی من دەکات!! عەلی شەعبان بە سەرسوڕمانەوە گوتی چی چی؟  دیسانیش کوێخا دووربینەکەی بە چاوییەوە ناو سەیرێکی کردەوە و گوتی هەر شەش تەڵاقم کەوتبێ ئەو لەشکرە هەر بەشی من دەکات!! عەلی شەعبانیش نەیکردە نامەردی یەکسەر دەمانچەکەی لە قەدی خۆی کردەوە خستییە بەر پشتێنی کوێخا ڕەسووڵ!!

سبەینێ کە شەڕ دەستی پێکرد و حکومەت پەلاماری ناوچەی ڕانیەی دا، هەتا یەک هەفتە دوایکۆتاییهاتنی شەڕەکەیش هیچکەس چاوی بە کوێخا ڕەسوڵ نەکەوت؛ و کەس نەیدەزانی لە کوێ خۆی شاردبوویەوە

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب