بکرێنە بزمارێک و لە کەوشەکەی برایم ئەحمەد بدرێن.

 عەبدولواحید



ساڵی ١٩٩٩ بابم تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات.  ماڵمان لە کوورانی عەنکاوە بوو. زۆر دوکتۆر و نەخۆشخانەمان پێکرد چارەی نەبوو.  دۆست و برادەر گوتیان وا باشە بیبەنە لای فڵانە دوکتۆر لە بەغدا. لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەوڵمان دا ، سوودی نەبوو.  دواتر لە رێگای حیزبی دێمۆکراتەوە هەوڵم بۆدا، بە خوا ئەویش سوودی نەبوو، حیزبی دێمۆکرات کەی خێری بۆ ئەندام و لایەنگری خۆی هەبووە؟  بە ناچار لە ڕێگای هەندێک دۆستی دیکەوە لە حیزبە بچووکەکانی رۆژهەڵات، هەوڵم دا، شوکر بۆ خودا ئەوان یارمەتیمانیان دا. بەڵی چووین بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەغدا.  نێونیشانی ماڵی دۆستێکی ئەو حیزبە چکۆڵەیەشمان پێدرابوو بۆ ئەوەی شەو بچینە ماڵی ئەوان بمێنینەوە. دوو شەو لە بەغدا ماینەوە تا کاروبارەکانمان جێبەجێ بوون و دوکتۆر باوکمی دیت و چارەسەری بۆ دەسنیشان کرد.  شەوێکیان کە لە ماڵی ئەو دۆستە نەناسراوە بووین، کەوتینە گفتوگۆ سەبارەت بە سیاسەت و شەڕ و کێشەی نیوان ینک و پدک و … بابم زۆر حەزی لەو جۆرە موناقەشانە بوو. لە قسەکردنشدا زۆر قسە لە روو بوو. کابرای خاوەن ماڵیش پێشتر ئاگادار کرابووین کە هەرچەندە کوردی رۆژهەڵاتە پیاوێکی بەڕێزە بەڵام لەگەڵ موخابەراتی ئێراق کار دەکات؛ یانی دەبوایە بە وریاییەوە باس وموناقەشەکەمان بکەین.   بابم لە کەسایەتییە کوردەکان زۆر لایەنگر و هەواداری برایم ئەحمەد بوو. ئەو کاتە لەمێژ نەبوو برایم ئەحمەد کۆچی دوایی کردبوو. جا کاتێک کە باس و موناقەشەکەمان گەرم بوو، برایم ئەحمەدیش هاتە نێو باسەکەوە. هەڵبەت کابرای خانەخوێ هێنایە نێو باسەکە و قسەیەکی خراپی پێ گوت. لەو کاتە سەیری بابمم کرد، زۆر بەو قسەی خانەخوێ تێکچوو؛ یەکسەر زانیم خەریکی وەڵامدانەوەیە، ئیشارەیەکم بۆ کرد؛ گوێی نەدایە من.  گوتی: ئەو سەرۆکانەی ئەمرۆی کورد دەبێ هەموویان بکرێنە دەنکە بزمارێک و لە کەوشەکەی برایم ئەحمەد بدرێن. کابرای خانەخوێیش سەرۆکی حیزبێکی رۆژهەڵات بوو؛ ئیدی کابرا بێدەنگ بوو. بابیشم بێدەنگ بوو، هەستم پێکرد دەسبەجێ پەشیمان بوویەوە؛ بەڵام تازە قسەکە لە زار هاتبووە دەرێ… برازای کابرای خانەخوێیش کە زانی باسەکە زۆر قووڵ بووەتەوە هاتە نێوەوە و خوا چاکەی بۆ بکات بابەتەکەی بە لایەکی دیکەدا گۆڕی.. جا دوایی لە ماڵەوە بابم دەیگێڕایەوە دەیگوت، بەراستی دوای قسەکە زۆر ترسام گوتم هەرچۆنێک بێت کابرا بە گرتمان دەدات و ناهێڵێت لە بەغدا دەرچین، بەڵام تازە قسەکەم کردبوو، پەشیمان بوونەوەی تێدا نەبوو.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب