جا بۆ پێ ناکەنی؟!
دوو ناسیار یان دوو دراوسێ کە یەکیان مەڕدار و ئەوەی دیکەشیان هەر ساحێب مەسڵەحەتە قەرز و قۆڵەیەک لە نێوانیاندا دەبێ. کابرای مەڕدار قەرزدارە و ئەوی دیکەیان خاوەن قەرزە. رۆژ و مانگ دەڕۆن و ساڵ تێدەپەڕێ کابرا قەرزەکە هەر ناداتەوە. شەوێک لە شەوانی زستان کابرای خاوەن قەرز دەچێتە ماڵی کابرای مەڕدار و دوای دانیشتن و هەندێک قسە و باس و وەخت بەسەربردن دەڵێ فڵانی بەخوا ئەمنیش دەست تەنگم و هاتووم قەرزەکەم وێدەیەوە. قەرزداری خانەخوێش دەڵێ بە خوا برالە ئێستا لە دەستم دا نییە؛ بەڵام ڕاوەستە بەهارێ ئەگەر مەڕ بەرەو کوێستان وەڕێ کەوت، جەنابیشت دەگەڵمان وەرە و وردە وردە بەدوای مەڕەکاندا وەرە؛ خۆت دەزانی مەڕەکان بە نێو ئەو دار و دڕوو و گوێنی و پنچکانەدا دەڕۆن، و هەر دار و پنچکێک لەوانەیە ئەو هەمو خورییە لە مەڕەکاندا بکاتەوە؛ جەنابیشت یەک بە یەک ئەو گوێنی و دڕوو و داڵ و پنچكانە چاولێکە و هەمووی کۆکەوە و بیبە بازاڕی بیفرۆشە. دڵنیاش بە زۆر لەو پووڵەی لێم قەرز کردووی زیاترت وەدەست دەکەوێ! کابرا کە گوێی لەو قسەیە دەبێ بەخۆی نابێ پێکەنینی دێت و قاقای بۆ دەکێشێ! کابرای مەڕدار دەڵێ جا کاکە بۆ پێناکەنی؟ پووڵی نەغدی خۆت دە لەپی دەستی دایە! وەڵا ئەمنیش بیم هەر قاقای بۆ دەکێشم!

نظرات
ارسال یک نظر