وەڵڵاهی ئەم جارە نایگیالێنم
کاتی خۆی میاندواو عەجەمی لێبوو بەڵام شاری کوردان بوو، زۆربەی کورد بوو. دەوروبەرەکەیشی هەر هەمووی لادێی کوردان بوون؛ بەڵام لەبەرئەوەی عەجەم دەسەڵاتدار بوو، ساڵ بە ساڵ هەر عيجەم زیادی کرد هەتا وای لێهات بەتەواوی لە کوردییەت شۆرایەوە. ساڵێکیان سەرە بەهار دەبێت؛ لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری میاندواو جووتێرێکی کورد خەریکی جووت دەبێت. ئەسپێکی سواریشی هەبوو لە نزیک کێڵگەکەی بەرەڵای دەکات بۆ خۆی بلەوەڕێت. ئەوسا لەو ناوچەیە وا باو بوو کە ئەوانەی دەوڵەمەند بوون و دەستیان دەڕۆیشت، ئەگەر زەوییەکانیان بەراو نەبوونایە ئەستێریان هەڵدەبەست؛ تا دوای بارانبڕان مووچەکەیانی پێ ئاو بدەن. کابرا ئەستێریکیشی هەبوو. پلەدارێکی لەشکری کە عادەتیان بوو بەهانەیان بە کوردان دەگرت بۆئەوەی ماڵاین بخۆن و زوڵمیان لێبکەن بە سواری ئەسپ دەچێتە لای کابرا. لە دوورەوە بانگی دەکات و بە تورکی پێیدەڵێت (گیال) واتە وەرە. کابرای دەچێتە لایە و رادەوەستێت. کابرای عەجەم لە ئەسپەکە دادەبەزێت جلکەکانی دادەکەنێت و جڵەوی ئەسپەکە دەداتە دەست کوردەکە و پێیدەڵێت ئاگات لێ بێت هەتا مەلە دەکەم. تێر و پڕ مەلە دەکات و دێتەوە جلەکانی دەکاتەوە بەر و سواری ئەپەکەی دەبێت. ئینجا بە قامچی بەردبێتە گیانی کوردەکە و ئەسپەکەیشی لێدەستێنێت و دەیبات.
ساڵی دواتر بە هەمان دەستوور کابرای کوردە لە هەمان مووچە و مەزرای خۆی خەریکی زەوی کێڵان دەبێت، کابرای عەجەمی لێ پەیدا دەبێتەوە. بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو بانگی دەکات و جلەکانی دادەکەنێت و دەچێتە نێو ئەستێرەکەوە بۆ مەلەکردن. کابرای کوردەیش سواری ئەسپەکە دەبێت و ئاوزەنگیی لێدەدات. عەجەمە کە لە نێو ئەستێرەکەدا خەریکی مەلەکردن بوو بانگی دەکات: گیال!، گیال! کابرای کوردە لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵڵاهی ئەم جارە نایگێالێنم! پاریش ئاوا بە قسەتم کرد؛ گیالاندم، بیست قامچیت لە مل ئاڵاندم، ئەسپەکەشت لێ ستاندم.

نظرات
ارسال یک نظر