لەگەڵ عوسمانە رەش



ساڵی ١٩٩٠ دووای ئەوەی ئێراق پەلاماری کووەیتی دا و داگیری کرد، گوشارێکی زۆری ئابووری و سیاسی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خرایە سەر ئێراق.  هەربۆیە سەددام کە وەک سەرکەوتووی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران هەژمار دەکرا، بێ هیچ پێشمەرجێک پەیامی دۆستایەتیی بۆ خامەنەیی و رەفسەنجانی نارد تا بەڵکوو بەم سیاسەتە دەرگایەک بە رووی بازرگانیدا بکرێتەوە و گوشارەکان لەسەری کەم ببنەوە.  بێگومان ئێرانیش داواکاریی خۆی لەسەددام هەبوو؛ کە یەکێک لەو داواکارییانە گوشارخستنە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوو لە ئێراقدا و کۆکردنەو و بێدەنگکردنیان بوو. ئەو ساڵە ئێمە تازە لە دیانە نیشتەجێ ببووین و دوور لە چاوی حکومەت و بە بێدەنگی خەریکی کار و کاسبی بووین.  جگە لە ئێمە کۆمەڵێک بنەماڵەی تری رۆژهەڵاتیش لە دیانە دەژیان.  حکومەت بە هەموومانی راگەیاند کە لە ماوەی هەفتەیەکدا یا بچینەوە لای حیزبەکانمان، یا بگەڕێینەوە بۆ رۆژهەڵات، یا ئامادەبین بۆ بردنمان بۆ ئۆردوگای رۆمادی.  ئێمە پێشتر ماوەی چوار ساڵ لە رۆمادی ژیابووین و ئامادە نەبووین بگەڕێینەوە ئەوێ.  بۆ رۆژهەڵاتیش کە خۆڕادەسکردن بوو، رازی نەبووین؛ هەربۆیە بە ناچار بابم ماشێنێکی باریی بەکرێ گرت و ماڵەکەمان خستە سەر پشتی ترومبێل و نایلۆنێکمان بە سەریدا کێشا و لەژێر کڕێوەی بەفردا رۆیشتین بۆ گوندی سڵێ لە بناری قەندیل.  دەیان خانەوادەی رۆژهەڵات لەوێ نیشتەجێ ببوون و هەرکەس بە کاروانچێتی و ئاژەڵداری و سەودا و مامەڵەوە ژیانی خۆی بەسەردەبرد.

بابم لە سەردەمی بزووتنەوەی ئەیلوولدا ماوەیەک لە رۆژهەڵات قاچاخ ببوو، لە ناوچەکانی بناری قەندیل و قەڵادزێ ژیابوو، لەوێ کاری تەنەکەسازیی کردبوو.. ئەزموون و سەلیقەی بابم و هەوڵ و کۆششی من بوونە هۆی ئەوە کە لە سڵێ پاییز و زستانی ١٩٩٠ بە کاری تەنەکەسازی بەسەر بەرین و بەشێک لە بژێویی خۆمانی پێ دابین بکەین.  سۆبە و مەقەڵی و سەتڵ و تاد.. مان دروستدەکرد، چرا و عەلادین و شتی لەم بابەتانەمان چاک دەکردەوە. دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکەکە باش بوو. کاک عوسمانە رەش یەکێک بوو لەو کەسانە کە هاتوچۆی دەکرد. رۆژێکیان کە من لە ماڵ نەبووم، بە سەردان چووبوومە دیانە بەڵام کاک جەلالی برام لە ماڵەوە بوو، عوسمان هاتبووە لای بابم و بابیشم هەر کارێکی هەبووایە و لە هەر دۆخێکدا بووایە باسی رووداو وو پێشهاتەکانی رۆژی بە لاوە گرنگ بوو؛ هەمیشە باسەکانی دەگێڕایەوە و شیمانەی بۆ دەکرد و موناقەشەی دەکرد.
لەگەڵ عوسمانیش باسی ئەوە دێتە گۆڕێ کە ئەمریکا لە ئێراق دەدات و شەڕ دەقەومێ.  کاک جەلال ئاوای گێڕایەوە:

دیارە بابم هەمیشە حەزی لە باس و گفت و گۆ بوو لە سەر کێشەکانی ڕۆژ هەم لە بارەی کورد و کوردستان و هەم لە بارەی دەوڵەتانی تری جیهان، بە تایبەتی زلهێزەکان.
لە بیرم نییە کە عوسمانە ڕەش بۆ چی هاتبووە خێوەتەکەمان، ئینجا گەرمەی لێدان و لێنەدانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئێڕاق بوو لە کووەیت.  بابیشم لەگەڵ کاک عوسمانە ڕەش هاتنە سەر باسەکە.   عوسمانە ڕەش دەیکوت ئەمریکا بە ئێڕاق ناوێرێت، ئەگەر لێی بدات ئەمریکا واو وای لێدێت و دەبەزێت.
بابیشم کە زۆری بۆ لێکدایەوە و شی کردەوە، کەچی عوسمانە ڕەش نەیدەسەلماند و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئێڕاق بەهێزترە لە ئەمریکا.  ئینجا بابم کوتی: کوڕە ئەوە دەڵێی چی؟!!  جا بزانە بووش کیری لە سەر لێوی قوونت ڕادەگرێ یا نا!
عوسمانە ڕەش سەرسام بوو لەو قسەیە و ئەمنیش لە پێکەنینان دەکوڵیم....... بابم هەمان ڕستەی دووبارە کردەوە و ئەوجار من لە قاقای پێکەنینم دا!  و کاک عوسمانیش شین بوویەوە لەگەڵ پێکەنین! بابم هێشتا ئاگای لەوە نەبوو کە چی گوتووە.  کوتم بابە ئەتو جنێوەکەت بە کاک عوسمان دا نەک بە سەددام؟!!  دوایی بابم داوای لێبوردنی کرد.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب