یادێک لە باوکم لە چوار ساڵەی کۆچیدا
عەبدولواحید
٢٠/٨/٢٠١٦
چوار ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژی ٢٠ی مانگی ئۆگستتی ٢٠١٢ مۆمی تەمەنی باوکم بە یەکجاری کوژایەوە و مەلی گیانی بەرەو ئاسمانی ئەبەدی و بێسنوور و کۆتایی فڕی. ئەو مەرگەی کە زۆربەی شەوان و لە تەنیاییدا بیری لێدەکردەوە و بۆی شیتەڵ نەدەکرا و هەموو جارێک وەک گەورەترین نهێنیی ئەم گەردوونە ناوی دەبرد، سەرەنجام یەخەی گرت و گیانی لێسەند. دیارە لەم دنیایەدا شێوازی ژیان و گوزەران و چارەنووسی هەر کەسێک بە جۆرێکە. بنەماڵە، دەوروبەر، فەرهەنگ، زمان، نەژاد، هەژاری و دەوڵەمەندی و هتد… کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر دیاریکردنی ئاییندە و چارەنووس و دوارۆژی هەر تاکێک. ئەوانەی بە هەتیوی و لە خانەوادەی هەژار و دەسکورتدا پێدەگەن، هەر ئان و ساتێک لە ژیانیان چیرۆک و داستانێکی خەمین و دڵتەزێن و دڵتاسێنە. بابم لەو منداڵانە بوو کە هێشتا تەمەنی لە خوار دە ساڵان دا بوو کە باوکی کۆچی دوایی دەکات و وێڕای سێ برا و خوشکێکی دەبنە ئەرک بەسەر شانی دایکیانەوە و خوشکێکیشی لە دوای باوکی دێتە دنیاوە؛ و دایکیان لەو سەردەمە تاریکەی دەرەبەگایەتیدا بە بێوەژنکۆشی پێیاندەگەیەنیت. لەو تەمەنە شلک و ساوایەوە بەناچار دەکرێتە سەقاوچی (ئاوکێش)ی ماڵی ئاغا. پاشان کاری جووتیاری و بەرخەوانی و شوانی و چایپەزیی ماڵی ئاغا و کارداری و بێگاری و دەیان رەنج و سەختی و مەینەتی دەکێشێت تا پێدەگات. لە منداڵییەوە لەگەڵ زەحمەت و کوێرەوەری و قرچەی گەرمای هاوین و شەختەی پاییز و بەستەڵەکی زستان و ستەم و چەوسانەوە و ناهەقی و بێدادیدا دەخارێت. هێشتا تەمەنی ناگاتە هەڤدە ساڵان کە لەگەڵ دایکم ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت. برایەکی لە خۆی گەورەتری هەبوو کە تازە ئومێدی ئەوەی لێدەکرا جێگای بەتاڵی باوکیان پڕ بکاتەوە، ئەویش ئاغاکان لەباتی کوڕی کەسێکی دەوڵەمەند لە بەرامبەر مشتە دراوێکدا رەوانەی سەربازیی دەکەن و دوای تەواوکردنی خولی راهێنانی سەربازی ناگەڕێتەوە و شوێنبزر دەبێت. بابم وەکوو زۆر جار دەیگێڕایەوە دەیگوت لە تەمەنی نۆجوانیدا و بە نەزانی و نەخوێندەواری زۆر بە دوایدا گەڕام.. سەرەنجام کەسێک رێنومایی کردم کە بچمە لای “وەرهەرام” کە سەرۆکی ستادی ئەرتەش بوو لە مەهاباد. دەیانگوت لەبەرئەوەی توودەیی بوو خزمەتی بە خەڵکی مەزڵووم و بێدەسەڵات دەکرد. هەرکە چوومە لای و مەسەلەکەم بۆ باسکرد، گوتی گفتت پێدەدەم ئەگەر زیندوو بێت و لە ئێراندا مابێت لە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا بۆت دەدۆزمەوە. لە بەدبەختی و بەدشانسیی من بیست و چوار سەعات نەگوزەرا، گوتیان وەرهەرام گیرا، ئیدی وەرهەرام نەما، ئاو ئاو چوو.. لەو کاتەدا لە چەند لایەکەوە تووشی بەدبەختی ببووم. ئەوە هیچ کە برا گەورەکەم بێسەروشوێن بوو، دایکیشم مێردی کردبوویەوە و برایەک و دوو خوشکی منداڵی بەسەر مندا بەجێ هێشتبوو. زۆری پێنەچوو برایەکەی دیکەشم کە ساڵێک لە من چکۆڵەتر بوو ژنی بەمێردی هەڵگرت و ژنەی برد و هەڵات بۆ ئەو دیو، ماڵی پوورم واتە خوشکی بابم لە ناوچەی باڵەکایەتی بوون..
زۆر جار دەیگێرایەوە دەیگوت تەمەنم دەوروبەری دوازدە ساڵ بوو کە پێش مەلابانگدان بە ساردیی پاییز دەبووا هەستم بچم بۆ زەوی کێڵان. ئەوەندە چکۆڵە بووم نەمدەتوانی جووتەکە دابەستم. خاوەن ماڵەکە جووت و گای دادەبەست و دەیدایە دەستی من. سارد و سەرمای پاییز بوو، بەفر دەباری، کاڵەی چەرمینم لە پێدا لەبەر ئاو و قوڕ هەر زڵقەی لێوە دەهات، بەفر و قوڕ تێکەڵ دەبوو. پشتی دەستەکانم لەسەرمان شەقار شەقار دەبوون و خوێن پێیانەوە قەتماغەی دەگرت و بەینابەینێک دەکولانەوە خوێنیان لێدەچۆرایەوە. دەستی ژانگرتووم لەسەرما سڕ دەبوون. کۆنە کەوایەکی شڕ و شۆڕی نێوئاخنراو بە لۆکەم لەبەردابوو، لەسەرمان جار ناجارێک هەوڵم دەدا بە ئاتەگی کەواکەم دەستم گەرم بکەمەوە تا لە ئازارەکەی کەم بێتەوە بەڵام بێسوود بوو چونکە جێی قامکێکی نەبوو وشک بێت. هەتا شەو دادەهات ئەوە کاری من بوو. خواردنیش لەو چۆڵە و لەو سەرما و تەڕی و قوڕییە چی بوو؟ ماستێکی ترش یان شیرێژی وشک و تیژ و تاڵ. هەموو کەس هێندە بەختەوەر نەبوو کە پەنیری بۆ دابنرێت. ئەو سەردەمە چا زۆر کەم بوو، زۆرکەس کە چای هەبوو قەندی نەبوو پێی بخواتەوە. شوان و کەڵەوان و کارداری وەک من چایان بۆ دانەدەندرا تا لە مەزرا بیخۆنەوە. شەو کە دەگەڕاینەوە، شێوی خۆشمان شۆرباو لەپە بوو. خواردنی بەیانیان ماشێنە، نیسکێنە یان هەلیماو بوو. ئەو چاخە برنج کەم بوو. بەتایبەتی خەڵکی دەسکورت جەژنا و جەژن ئەگەر برنجیان خواردبایە دەنا لەباتی برنج، هەر ساوار و بڕوێش دەخورا.
بابم سەرەڕای هەموو چەرمەسەرییەکانی ژیان، هەمیشە لایەنگری راستی و دادگەری بووە. هەمیشە لایەنگری زۆرلێکراو و چەوساوە بووە. بەردەوام لە دژی زۆردار و ملهوڕ و ناهەقیکاران وەستاوە و بەرەنگارییان بووەتەوە. زۆر جار بۆ خاتری سەلماندنی نیازپاکی و دڵسۆزی و وەفاداری بۆ هاوڕێ و دۆستانی خۆی، کار و بەرژەوەندیی خۆی لەدەستداوە. ئەو هەموو جارێک بە شۆخییەوە دەیگوت “ئەمن گوێلکی هیچ پێغەمبەرێکم نەلەوەڕاندووە” مەبەستی ئەوە بوو کە هەمیشە لە ژیاندا سەربەخۆ بوومە و سەرم بۆ هیچ کەس شۆر نەکردووە. هەرکە کەسێک زوڵمێکی لێکردبایە پێیدەگوت ژنێکم هەیە و دوو منداڵ! نە مەڕ و ماڵم هەیە، نە کەردوو خەرمان، بە زاتی خودا دەتکوژم و دەیدەمە کەژ؛ چی دەبێ با ببێ! بابم لە دوای ئەوەی کە لە سەربازی فێری بەکارهێنانی چەک دەبێت، هەمیشە چەکی قاچاخی هەبووە. دۆست و برادەرە نزیکەکانی دەیانزانی چەکی هەیە زۆر جار کە کەسێک زوڵمی لێیان دەکرد، لای بابم شکایەتیان دەکرد و ئەویش شەو دەچووە سەر ماڵی کابرا و هەڕەشەی لێدەکرد کە واز لەو کەسە بێنێت ئەگینا دەکوژرێت. لەم بارەیەوە دەیگێڕایەوە کە یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دێتە لای و پێیدەڵێت کە کەسێک بە ناوی مارف خەڵکی “گردەگۆران” هەڕەشەی لێکردووە. بابیشم شەو خۆی ئامادە دەکات و بە هاوڕێکەی دەڵێت وەرە لەگەڵم با بڕۆین. لە گوندی “شیناوێ”وە بەڕێدەکەون بۆ “گردەگۆران”. کاتژمێر دەوروبەری یەکی نیوەشەو لە دەرگای ماڵی مارف دەدەن. مارف منداڵێکی ساوای هەبووە کە لەو کاتەدا دەگرێت و دایکەکەی بۆئەوەی وا نیشان بدات کە خەوتووە و ئاگای لێنییە منداڵەکە ژیر ناکاتەوە.. بابم پێێدەڵێت خوشکێ ئەو منداڵە بەستەزمانە دڕا، هەستە ژیری بکەوە و دەرگایش لە ئێمە بکەنەوە بەپەلەین؛ نانێک دەخۆین و دەڕۆین. پاشان ژنەبەناچار هەڵدەستێت و دەڵێت مارف لە ماڵ نییە.. هەرچۆنێک بووە دەرگاکەیان پێدەکاتەوە و میوانی مارف دەبن. هەر بەو نیوەشەوە مریشک سەردەبڕدرێت و سووردەکرێتەوە و دەیخۆن. بێ ئەوەی بە تەنیا وشەیەکیش ئاماژەیەک بە هەڕەشەکانی مارف بکەن کاتەکە دەبەنە سەر و پاشان ماڵاوایی دەکەن و دەڕۆن. بەمجۆرە هەڕەشە و گوڕەشە نامێنێت و ئاو بە ئاگردادەکرێت. جارێکیش کوڕە خاڵێکی لە گوندی گەپڵەسەن لەگەڵ بنەماڵەی قۆڕەخچی کە ئەو کاتە لە ماڵی خۆیاندا زیاتر لە بیست پیاو بوون، تووشی دەمەقاڵە دەبێت. زۆر فشاری بۆ دێت بە ناچار بۆ ئەوەی بیانترسێنێت پێیاندەڵێت وازم لێدینن باشە، دەنا کاکە محەممەدم تفەنگی بڕنووی هەیە؛ دەچم پێیدەڵێم ئەوشۆ یەکێکتان نەهێڵێت! دوایی هاتبووە لای بابم و قسەکەی بۆ گێڕابوویەوە؛ بابم پێیگوتبوو جا چۆن باسی تفەنگت کردووە؟ ئێستا بە ژاندەرمەری بڵێن خۆشم دەچم و تفەنگیش دەچێت؟!
کاتێک کە دەیبەنە سەربازی سێ جار رادەکات هەر دەیگرنەوە هەر جارێک سزایەکی زیاتری دەدەن بەڵام ئاخر جار کە دەیگرنەوە لە کاتی راهێنان دا دەیبەنە لای بەرپرسی یەکەمی پادگان. ئەویش دەیەوێت سەربازەکانی پێ چاوترسێن بکات. لێیدەپرسێت بۆچی هەڵاتی؟ بابم دەڵێت کەسم نییە و ژن و منداڵ و کۆمەڵێک هەتیوم بە ئەستۆوە بووە بۆیە هەڵاتووم و ناچارم جارێکی دیکەش هەڵبێم. ئەفسەرەکە بە هەموو هێزی خۆی زللەیەکی لێدەدات. دەڵێت چۆن هەڵدێیت؟ بابم لە بەرامبەردا بە ئەفسەرەکە دەڵێت. بە قەولی پیاوان ئەم جاریش هەڵدێم. زللەیەکی تریشی لێدەدات. دیسان بابم دەڵێت: بە قەولی پیاوان لێرە لای تۆ دوور کەومەوە هەڵدێم! ئیدی هەر ئەو رۆژە دەرفەت دێنێت و هەڵدێت. هەرچۆنێک بووە سنوور دەبڕێت و دەچێتە ئەودیوی باشووری کوردستان. ماوەیەکی باش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆرشی ئەیلوول لە بناری قەندیل و ناوچەی پشدەر کاری تەنەکەسازی دەکات. پاشان لەبەر بێسەرپەرەستیی خانەوادەکەی دەچێتەوە. هەتا رێژیمی پاشایەتیی ئێران رووخا سەربازیی هەر نەکرد، چەند جارێک بە پارە و بەرتیل ناسنامەی خۆی دەگۆڕێت تا تەمەنی بۆ زیاد بکرێت و وازی لێ بهێنن. لە دوا ناسنامەیدا ساڵی لەدایکبوونی ١٣١٤ی ئێرانییە بەڵام راستییەکەی وەک خۆی باسی دەکرد کۆماری کوردستانی وەکوو خەون بیردەهات. دەیگوت ئەوەندەم لەیادە کە خزمێکی دایکم لە سەربازیی دێمۆکرات گەڕابوویەوە سروودێکی دەگوت کە لە کۆتایی هەموو بەندەکاندا دەیگوت” نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم”. هەروەها دەیگوت بابم لەگەڵ کۆمەڵێک لە پیاوەکانی گوندەکەمان گوندی “گەپڵەسەن” گوتیان دەچینە سابڵاغ سوێند دەخۆین بۆ دێمۆکرات. دەیگوت کاک عەوڵای گەپڵەسەنیش کە لە بنەماڵەی ئاغاکانی قادری بوو، دێمۆکرات بوو دوای رووخانی کۆمار، لە ماوەی دەسەڵاتی موسەددیق دا دوو گجوولکە سەگی پەیدا کردبوو، نێوی لە یەکیان نابوو شاپوور و ئەوی دی پەهلەوی.. هەرکە کوودەتا کراو موسەددیق گیرا، ئەویش لە ترسی رێژیمی شا بە نۆکەرەکانی خۆی گوتبوو ئەو سەگانە ببەنە نێو مەنگوڕان لە جێیەکی دوور بەرەڵایان بکەن با نەیەنەوە ئەم ناوچەیە.
هەرچەندە ئەوسا منداڵ بووم بەڵام لەبیرمە زۆر جار بە ماوەی سێ چوار مانگ دەڕۆیشت بۆ ورمێ و تاران و ئابادان و شارەکانی دیکە بە دوای کرێکاریدا دەگەڕا. ئەوەندە گەڕابوو فارسی و تورکی فێرببوو. بەتایبەتی تورکییەکەی هەر زۆر باش بوو، وەک خۆی دەیگوت زۆر جار وا رێککەوتووە کابرای تورک لێم کەوتووەتە گومانەوە و باوەڕی نەکردووە کە گوتوومە کوردم. زۆر قسەی خۆش و بەسەرهاتی جۆراوجۆری دەگێڕایەوە کاتێک لەو شارە دوورانەوە دەگەڕایەوە. دەیگوت جارێکیان لە تاران چووبووینە ماڵێک بۆ کارکردن، خاوەنماڵەکە ئەفسەرێک بوو تەنیا ژنێک و کوڕێکی پێنج شەش ساڵانەی هەبوو. کوڕەکە دەگریا و بە دایک و بابی ژیرنەدەبوویەوە؛ کاتێک پرسیارم کرد بۆ دەگریێت، ژنەکە گوتی ئەوە لە کوردان دەترسێت! دەڵێ سەرم دەبڕن! ئیدی بابم ئەم قسەیەی بە وردی لێکدەدایەوە و دەیگوت عەجەم ئاوا دڵپیس و دوژمنکارن لەگەڵ کورد. بێ ئەوەی خراپەیەکیان لە دەستی کورد دیتبێت، منداڵیان بە هزرێکی ئاوا پەروەردە دەکەن. هەر لە بچووکییەوە فێریان دەکەن کە دژی کورد بن.
لە رووی باوەڕ و ئایین و دنیابینییەوە، بابم هەرچەندە نەخوێندەوار بوو، بە هەتیوی گەورە ببوو، لە لادێ لەدایکببوو و گەورە ببوو بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەن و دەوروبەری خۆی زۆر جیاواز بوو. هاوڕێ و نزیکەکانی ئەمەیان دەزانی، بۆیە کاتێک کە کێشە و گرفتێکیان بۆ دەهاتە پێش، پرسیان بە بابم دەکرد و داوای چارەدۆزییان لە ئەو دەکرد. ئەویش هەرگیز بە بیرمدا نایەت جارێک رێگایەکی چەوتی بۆ کەسێک دەسنیشان کردبێت یان ئامۆژگارییەکی خراپ و ناشایستەی کردبێت. هەمیشە دەیگوت چاکە بکە و دە ئاوی هاوێ، کەس نەیبینێت، خودا دەیبینێت. بابم هەتا تەمەنی چل ساڵی بە بەردەوامی نوێژی نەدەکرد، نەک لەبەرئەوەی بروای پێ نەبێت، بەڵکوو پتر لەبەر دەرد و مەینەتی و شەکەتی و ماندووبوون. ئەو پێیوابوو کە ژیانی مرۆڤ لە عیبادەت گرنگترە. ئەو سەرپەرەستی خانەوادەیەک بوو، دەبوایە نان و ژیانیان بۆ دابین بکات، نە خاک و زەمینی هەبوو، نە چادر و چیغ و مێگەل و بزنەگەلی هەبوو، هەرچی هەیبوو بریتی بوو لە هێز و تینی شان و باهۆی خۆی. رۆژ تا ئێوارێ چەکەی شانی دەهات بۆ لەتێک نان. دەیزانی خودا ئاگای لە هەموو شتێکە و بە دوای هەنجەتدا ناگەڕێت بۆ ئازاردان و سزادانی بەندەکانی خۆی. ئەو ئیسلامی وەک بەشێک لە نەریت و ئاکاری کوردانە و پەسەندکراوی نێو کۆمەڵگەی کوردستان وەرگرتبوو. دژی هەموو جۆرە توندڕەوی و تونداژۆییەکی ئیسلامی بوو. دەیگوت بەگوێرەی وتە و بۆچوونی توندڕەوەکان دەبێ خودا جەللاد و تاوانکار بێت. هەروەها دەیگوت خودا رقی لە هیچ مرۆڤێک نییە، ئەگەر رقی لێبوایە هەر نەیدەئافراند. کەس هەیە دوژمن و نەیار بۆ خۆی لە نەبوونەوە بێنیتە بوون؟! بابم لە رووی ئایینەوە ئەوەندە کراوە بوو کە زۆر جار نوکتە و مەتەڵی کەنۆکی سەبارەت بە ئیسلام و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئایینەوە دەگێڕایەوە. بۆ نموونە لە باسی سیواک دا دەیگوت لە دەم وەردانی سیواک بۆ مرۆڤ پیرۆزە چونکە کاتێک خودا ئادەمی وەک پەیکەرێک لە قوڕ دروستکرد، هەموو ئەندامەکانی بۆ دروستکرد تەنیا کۆمی مابوو، بۆ ئەویش چڵێکی لە داری سیواک شکاند و نێوان دوو سمتی ئادەمی پێ کون کرد! بابم کەڵبەش نەبوو بەڵام زۆر جار لەبەر ئەو شێوە بۆچوونانەی سەبارەت بە ژیان و ئایین و خوداپەرەستی پێیاندەگوت کەڵبەش. لە راستیشدا کەڵبەشەکانی خۆشدەویست و زۆر جار بەسەرهاتی ئەوانی بۆ ئێمە و بۆ دۆست و هاوڕێیانی دەگێڕایەوە و بەڕێزەوە باسی ئەوانی دەکرد. وەک کەڵبەشەکان موناقەشەی لەسەر بوون و نەبوونی بەهەشت، سزا و پاداشتی قیامەت و شەرابی دنیا و شەرابی بەهەشت دەکرد، موناقەشەی لەسەر ئەوە دەکرد کە گوایە چارەی هەموو کەسێک بەر لە لەدایکبوونی دیاریکراوە. موناقەشەی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا مرۆڤ ئەگەر ئیختیاری کاملی چارەنووسی خۆیشی لە دەستدا نییە، ئایا جوزئی ئیختیاری هەیە یا نا؟ تەنانەت زۆر جار دەیگوت فڵانە ئاغایە قورئان خوێن بوو، نوێژی دەکرد، بە نان و پێخۆری خەڵکی رۆژووی دەگرت و رۆژووی دەشکاند، بێگاری بە خەڵکی دەکرد، مڵک و ماڵی خەڵکی داگیردەکرد و.. رۆژێک دوای مردنیشی مەلای ئاوەدانی دەچووە لای سەرووی دیوەخان و بە کوڕی ئاغای دەگوت، بەو قورئانەی لێم خوێندووە شەوی رابردوو لە خەونمدا هەر لەگەڵ ئاغا بووم. لە جێگایەکی ئەوەندە خۆش بوو مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت! ئینشەڵڵا ئەهلی بەهەشتە! بەڵام بابم دەیگوت بڵێی خودا کەسی ئەوتۆ بباتە بەهەشت؟ ئاخر منی هەتیو بە جلکی شڕ و پێی پەتی بەسەرمای زستان ئاوم دەکێشا بۆ ماڵی ئاغا و ئاغا دەسنوێژی پێدەشوت!! ئەگەر ئەو بچێتە بەهەشت، دەبێ کەسێکی وەک من کە هەموو ژیانم مەزڵوومیەت و مەحروومی و بێبەشی بووە، جێگای لە کوێ بێت؟ بڵێی ئەو دنیاش هەر بۆ دەوڵەمەند و زۆردارەکان بێت؟ هەرکەس لە دنیا پرد و مزگەوتی سازکرد و قورئانی خوێند و رۆژووی گرت و خێر و سەدەقەی کرد، خودا هەموو زوڵم و ناهەقییەکانی بۆ پاک دەکاتەوە؟ یان جاری وا هەبوو دەیگوت پێغەمبەر و پیاوچاکەکانیش کاتێک کە بەسەرهاتیان باسدەکرێت، هەموویان لە بنەماڵەی گەورە و خانەدان هەڵکەوتوون، کەچی مەلا دەڵێت فەقیر خۆشەویستی خودایە. نەوەڵڵا من پێموایە خودا ئەگەر ویستی غەزەب لە کەسێک بگرێت، فەقیری دەکات! ئەو لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە دەستیپێدەکرد، دەیگوت کوڕی کابرایەکی سەنعەتکار و خزمەتکاری بتخانە بووە کە لەو سەردەمانەدا ئەو پلەیە شایانی هەموو کەسێک نەبووە. لە دوای ئیبراهیم هەموو پێغەمبەرە عیبرانییەکان لەم بنەماڵەیە بوون کە سەروەر و سەرداری جوولەکەکان بوون و هەستیان بە هەژاری و نەداری نەکردووە. خدری زیندە کوڕە پادشا بووە. بوودا کوڕە پادشا بووە. مرێمی دایکی عیسا لە بنەماڵەی پێغەمبەرانی عیبرانی بووە. موحەممەد هەرچەندە بە هەتیوی گەورە بووە بەڵام لە خانەدانی بەنی هاشم هاتووتە دنیا کە سەرداری هۆزی قوڕەیش بوون؛ مادام فەقیر خۆشەویستی خودایە، بۆچی یەکێک لە پێغەمبەرەکانی لە نێو فەقیران هەڵنەبژارد؟!
رۆژێک یا دوو رۆژ بەر لە کۆچکردنی، سەرلەبەیانی بوو، کاتێک کە تازە لە ژووری چاودێریی چرەوە گواستبوویانەوە بۆ بەشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، پێکەوە دەدواین. چەند قسەیەکی لەبارەی خودا و مردن و قیامەت و دادپەروەرییەوە کرد. هەرچەندە دەقاودەق رستەکانم لە بیر نەماوە بەڵام قسەکان رەخنە بوون لە خودا. پێشتریش کە قسە و باسمان دەکرد رەخنەی لە خودا دەگرت بەڵام نەک هێندە راشکاوانە. دەربڕینی ئەمجارەیان زۆر جیاواز بوو. لە بیری خۆمدا گوتم تۆ بڵێی ئاگای لە خۆی بێت یان لە دوای ئەو دوو شەو و دوو رۆژ بێهۆشییە نەخۆشیەکە کاری کردووەتە سەر مێشکی؟؟! کاتێک کە درێژەمان دا بە قسەکانمان بۆم دەرکەوت کە نەخێر دۆخی هزر و یادەوەریی بابم زۆر ئاساییە.. چونکە دواتر قسەکانی شیکردنەوە بۆم و تێیگەیاندم کە مەبەستی ئەوەیە ئەگەر کەسێکی وەک سەددام کە لە کاتی دادگایی و لەسێدارەدرانی دا قورئانی بەدەستەوە بوو و.. یان کەسێکی وەک خومەینی کە خۆی بە رۆحی خودا و ئیمامی موسوڵمانان دادەنا، خودا لێیان خۆش بێت کەواتە ئەوەی دەربارەی دین و حەشر و قیامەت و هتد.. دەیڵێن هەمووی درۆیە و تەنیا بۆ فریودانی خەڵکی ساویلکە و پڕکردنی گیرفان و قایمکردنی پایەی دەسەڵاتی خۆیانە. بابم زۆر جار دەیگوت ئەوانەی لە عیرفاندا بە هەقیقەت دەگەن، راستەوخۆ لەگەڵ خودادا دەدوێن و بێترس رەخنەی لێدەگرن. ئەوان بە چاوی دڵ خودا دەبینن و پەردەیەک لە نێوانیاندا نامێنێت. ئەو کەسانە ئەو کاتە ئیدی بە یەکجاری دەست لە نیعمەتەکانی ژینی دنیا وەک ماڵ و سامان و ژن و منداڵ بەردەدەن و راز و نیازی خۆیان لەگەڵ خودادا دەکەن. ئیدی شتێک بە ناوی کفر و حەڵاڵ و حەرام لایان نامێنێت تا لێی بترسن چونکە پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ کەسێکە کە لەسەرووی هەموو کەس و هەموو شتێکەوەیەوە و هیچکەسیش ئازار لە دەستیان نابینێت. دوای قسە و باسی ئەو رۆژەمان وا هەستم دەکرد کە باوکم لەم دوا رۆژانەی تەمەنیدا خەریکە بە هەقیقەت دەگات بۆیە رووی رەخنەکانی لە خودا وەک جاران نەبوو، بەڵکوو بێپەردە و راشکاوانە بوون.
باوکم سەرەڕای نەخوێندەوارییەکەی فەرهەنگێکی زەنگینی زمانی کوردی بوو بۆ من. جیا لەو قسە و رووداو و چیرۆک و بەسەرهاتانەی رۆژانە دەیگێڕایەوە بۆم، زۆر جاریش کە لە وشەیەک یان پەند و وتەیەکی پێشینان تێنەدەگەیشتم یان دوودڵ دەبووم، پەنام بۆ خەزێنەی زانیارییەکانی ئەو دەبرد و پرسیارم لە ئەو دەکرد. لە راستیدا کەم وا رێکدەکەوت کە نائومێدم بکات، چونکە زۆر گەڕابوو، جیا لە کوردی، فارسی و تورکیشی دەزانی، ساڵانێکی لە ماڵ و مەجلیسی ئاغا و گەورەپیاوانی جاراندا بردبوویە سەر، بیست و چوار سەعات چیرۆک و سەربردە و پەند و مەسەلی گێڕابایەوە لێی نەدەبڕا. لە زمانی کابرایەکەوە دەیگێڕایەوە دەیگوت خەڵکی وا هەیە خۆی کوشتووە، بە هەر دەرد و مەینەتییەک بێت دراوێکی کۆکردووەتەوە، دیوەخانێکی پێکەوەناوە؛ بە هەزار رەنج و کوێرەوەری ژن و کچ و بووکەکەی فەرشێکیان چنیوە و تێدا رایانخستووە. بە هەر رەزیلی و قڕنیسییەک بووە بایی چراتۆڕییەکی دراو پاشەکەوت کردووە. ئێوارەیەک کە دێتەوە ماڵ، لە هەموو خەڵکی ئاوەدانی دەگێڕێتەوە و بانگهێشتیان دەکات بەبۆنەی ئەوە کە بووەتە خاوەنی چراتۆڕی. لە دوای نانخواردنەوە ئیدی ئەو مەجلیسە بە گەورە و بچووکییەوە تا نیوەشەو لەم دیوەخانە و لەسەر ئەم فەرشە و لەبەر ئەم چراتۆڕییە کە کابرای هەژار و دەستقەڵشیو بە هەزار دەردەسەری پەیدای کردوون، پەسنی کابرای دەوڵەمەند و مەڕ و ماڵ و مووچە و مەزرای ئەو دەکەن؛ و کەس باسی خانەخوێ ناکات؛ تەنانەت خۆیشی. بابم بەڕاستی پیاوی تەگبیر و راوێژ و سازش بوو. شار و مەڵبەندان گەڕابوو، وڵاتان گەڕابوو. هەگبەی زانیارییەکانی هەمیشە پڕ بوو. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش بیری کراوە بوو، هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاریدا بوو. وێڕای رێزدانان بۆ بەها فەرهەنگی و نەریتیەکان، لایەنە باش و ئەرێنییەکانی دیاردە تازەکانیش بە لایەوە گرنگ و سەرنجڕاکیش بوون.. سەرەڕای ئەوە کە بە وتە و کردەوەی ناهەق زوو تووڕە دەبوو، بەڵام لێبوردە و دڵنەرم بوو.. هەرچەندی بڵێی بەبەزە و دڵفراوان و نانبدە بوو. ئەگەر نانێکی هەبوایە حەزی دەکرد لەگەڵ دراوسێکەیدا بیکاتە دوو لەت. قسە رەق بوو بەڵام کەللە رەق نەبوو. خۆی دەیگوت قسەی من رەقن بەڵام هەقن؛ جا هەرکەس پێیخۆشە یا پێیناخۆشە مەیلی خۆیەتی.
بەشی دووەمی ژیانی بابم بریتی بوو لە پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی و دەربەدەری. هەر دوابەدوای رووخانی رێژیمی شا، بە چەک و فیشەکی خۆیەوە بوو بە پێشمەرگە. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد بابم وەک خۆی دەیگوت ئەگەر نانم نەبووبێت بیخۆم چەکی قاچاخم هەر هەبووە؛ بەبێ چەک نەدەهەوایەوە. خۆم لەبیرمە زۆر جار ژاندارمەکانی رێژیم دەهاتن ماڵەکەمانیان سەنگ و سووژن دەکرد بە دوای تفەنگدا بەڵام نەیاندەدۆزییەوە. چەند مانگێک بەر لە رووخانی رێژیمی شا کە هێشتا هەر خۆپێشاندان دەکران بەڵام رەوشی تەناهی نەشێوابوو، ئەرتەش و ژاندارمەری هەر خاوەن دەسەڵات بوون، بابم دڵی بە رەوشەکە زۆر خۆش بوو، دەیگوت ئیدی شا نامێنێت و کورد ئازاد دەبن. ئیدی بە ئازادی تفەنگ دەکەینە شان. زۆربەی شەوان لە دوای نانخواردن چەک و رەختی لە خۆی دەدا و دەڕۆیشت. هەربۆیە زۆر زوو بوو بە پێشمەرگە. دەیگوت کە کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە پیرانشار کرایەوە سەماوەر و پێداویستییەکانی دیکەی پەزیرایی لە سەر حیسابی خۆم کڕیم بۆ کۆمیتە. دوای پەلاماری هێزە داگیرکەرەکانی خومەینی بۆ کوردستان، رۆژهەڵاتمان بەجێهێشت و روومان کردە باشوور. زیاتر لە بیست ساڵ دەربەدەری لە باشووری کوردستان و باشووری ئێراق و شاخ و کێوەکانی کوردستان. نزیکەی چوار ساڵ ژیان لە ئۆردوگای رومادی لاموایە تاڵترین سەردەمی ژیانی بابم بوو. ماوەی هەشت ساڵیش ژیان لە هەرێمی باشوور و لە ژێر هەڕەشەی نۆکەر و کرێگرتەکانی کۆماری ئیسلامی دا کە بە شەو و رۆژ و لە ماڵ و کووچە و بازاڕدا بە شوێنماندا دەگەڕان بۆ راوکردنمان، هەموو ئاوات و خەونە رەنگینەکانی لە دڵی باوکم و سەدانی وەک باوکم دا کوشت؛ و زۆر شۆرشگێڕیشی ناچار کرد دوای دەیان ساڵ پێوانی شاخ و دۆڵ و دەشت و کوێستانی ئەم دیو و ئەو دیوی کوردستان، سەرەنجام خۆیان رادەستی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە و بە ژیانی قاڵاوی رازی بن. سەدان و هەزارانیشی وەک باوکم ناچارکرد کە بە هەر نرخێک بووە ئەو کوردستانە ئازادەی باشوور بۆ خۆفرۆش و بێگانەپەرەستەکان بەجێ بهێڵن و روو بکەنە هەندەران.
دوا قۆناغی ژیانی باوکم ژیانی هەندەران بوو، ژیانی غوربەت و دووری لە وڵات و خاک و ئاوێک کە فرچکی پێگرتبو؛ غەریبییەک کە سەرەنجام گڵکۆکەی گرتە باوەش و گەڕانەوە بۆ زێد و نیشتمانی کرد بە کۆسپی سەر دڵ. ساڵی ٢٠٠١ وڵاتمان بەجێ هێشت و لە نەوزیلەند، لە دوورترین وڵاتی دنیا گیرساینەوە. هەرچەندە بەلای بابمەوە ئێرەش هەر ئاوارەیی و غەریبی بوو، بەڵام لانیکەم لێرە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا وەک مرۆڤ و وەک هاووڵاتی رێزی لێگیرا. لێرە بۆی دەرکەوت کە مرۆڤی رۆژهەڵاتی بۆئەوەی سەربزێوی نەکات و بۆ زۆردارانی فەرمانڕەوا بەرزەم و دەستەمۆ بێت، چەندە بێنرخ دەکرێت و چۆن کەسایەتیی مرۆڤانەی لێدادەماڵدرێت. ئەو رۆژانەی کە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرا و تا کاتی مردنیشی، بەردەوام بە پەرەستارەکانی دەگوت من خۆم بە شەرمەزاری ئێوە دەزانم، ئەوەندە بە دڵسۆزییەوە خزمەتم دەکەن زۆر سوپاسی ئەو ماندووبوونەتان دەکەم. ئەوانیش بە رووی خۆش و پێکەنینەوە دەیانگوت پێویست بە سوپاس ناکات، ئەوە ئەرکی خۆمانە.
لە چوارەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی بابمدا هەزاران دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی هەرگیز نەمری و گفت و بەڵینیی پێدەدەم کە تا ئەو رۆژەی زیندووم لەیادی نەکەم؛ و لە ناخ و دەروونمدا و لە تەنیایی و بێداریی شەواندا، بە بێدەنگی تا هەم بۆی بسووتێم و رۆندکی بۆ بڕێژم. بەڵێنیی پێدەدەم کە ئەو وانە و پەندانەی فێری کردم، فەرامۆشیان نەکەم و بیانکەمە توێشووی ژیانی رۆژ و ساڵانی ئاییندەم و چرای رۆشنکەرەوەی رێگای ژیانم.
نظرات
ارسال یک نظر