وەرنەوە! شير نییە. کەرە کوڵی خۆمانە.


 دەڵێن لە نزیک دێیەک جەنگەڵ و لێڕەواریکی چڕ هەبوو، ئەو لێڕەوارە شێرێکی زۆر دڕەندە و فرز و بەکاری 
تێدابوو. هەر جارێک ئەو شێرە لەو جەنگەڵە دەهاتە دەرێ خەڵک لە ترسا ئاوەدانییەکەیان چۆڵ دەکرد و ڕایاندەکرد. 
بێ ئامان بوو، هەرچی کەوتبایەتە بەر جنگی قوتاری نەدەبوو.  ڕۆژێکیان دەنگۆ دەکەوێتە نێو ئاوەدانی دەڵێن زوو کەن هەڵێن بڕۆن شێرەکە لە جەنگەڵ هاتە دەر.  ئیدی کەس بە کەس ڕاناگات، هەر کەسە و لە غەمی خۆیدا دەبێت و خۆی دەرباز دەکات. کابرایەکی پیر لە دواوە بەجێ دەمێنێت، بە کووڕە کووڕە و هەناسەسوارییەوە وردە وردە بە شوێن پێی خەڵکەکەدا دەڕوات تا گیانی خۆی قوتار بکات  لە دەستی شێر. کاتێ کە ئاوڕ لە پشتەوە دەداتەوە تەماشا دەکات ئەوە گوێدرێژێکە و یاغر یاغر بەرەو نێو ئاوەدانی دێت. کە زیاتر لێی ورد دەبێتەوە، دەبینێت کوڕە ئەوە کەرە کوڵەی خۆیانە کە پاییزی ڕابردوو لەبەر پیری و لاوازی و بێ تفاقی بەرەڵایان کردبوو.  کەچی ئێستا ئەوەندە قەڵەو بووە، پشتی ڕەپ بووە. دیارە چەقاوەسوویەک ویستوویەتی بەزمێک بەو خەڵکە بکات بۆیە کەوڵی شێرێکیان بەسەر پشتی کەرە کوڵەداداوە و ئەو دەنگۆیەیان بڵاو کردووەتەوە. جا پیرە پیاو هەرچەندی هێزی لەبەر دابوو بانگی خەڵکەکەی دەکرد کە لە پێشییەوە هەڵدەهاتن و ئاوڕیان نەدەدایەوە دەیگوت: کوڕە  هەڵمەیەن کەرە کوڵەکەی خۆمانە! وەرنەوە وەرنەوە شێر نییە، کەرە کوڵەی خۆمانە!


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب