هەق وار، حوکم یۆختی


سەردەمی رێژیمی شا بوو؛ تازە خەلکی ئێمە چاوی دەکرایەوە؛ و بۆ کار و کاسبی لە جیاتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ ڕوویان دەکردە شارە دوورەکانی وەک تاران و ئەهواز و ئابادان و بەندەرعەبباس و...  منیش ماوەیەک بوو فێری تورکی ببووم تورکییەکی باشم دەزانی. چوومە شاری ورمێ بە دوای کار دا گەڕام لە کۆمپانیایەک کارم دەسکەوت و دامەزرام. ماوەیەکی باش لەوێ کارم کرد. پیاوێکی بەتەمەنی تورکیش لەوێ کاری دەکرد.  پرسیاری لێکردم گوتی کوردی یا تورکی؟ منیش لەمێژبوو فێر ببووم بۆ ئەوەی خۆم لە عەجەمان نزیک بکەمەوە دەمگوت بابم تورکە و دایکم کوردە. هەر ئاواش وەڵامی ئەوم دایەوە. بووینە برادەری نزیک. کاتی بێکاری پێکەوە دادەنیشتین و نانمان دەخوارد و پشوومان دەدا.  ئاوا بەتەمەن بوو بەڵام ژنی نەهێنابوو. رۆژانە کاری دەکرد و ئێواران دەگەڕایەوە ماڵی براکەی. سەرەڕای ئەوەش هەرگیز دوو جۆر خواردنی نەدەهێنا. جاری وا بوو تەنیا نانی وشکی دەهێنا بۆ نیوەڕۆ. کە لێمدەپرسی بۆچی خۆراکێکی باش ناهێنیت؟ بۆ ئەو ماڵدارییە بۆ کێ دەکەیت؟  دەیگوت تۆ نازانیت دوو شت بە یەکەوە بخۆیت لە زگت دا شەڕ دەکەن؛ تەندروستیت تێکدەچێت.. بە گشتی کابرایەکی دنیا دیتە بوو، زۆر جار ئامۆژگاریی منی دەکرد و بەسەرهاتی خۆشی بۆ دەگێڕامەوە. جارێکیان سەبارەت بە هەق و ناهەق ئەم بەسەرهاتەی گێڕایەوە.


دوو برادەر پێکەوە ڕێککەوتن بە مەبەستی کار و کاسبی بچن بۆ شاری جەنگی.  دەیگوت شاری گەنجە لە ئازەربایجانی شوورەوییە. کاتێک گەیشتنە ئەوێ و کاریان پەیداکرد، یەکێکیان هەرچی پارەی بەدەستدەهێنا بە قومار و ڕابواردن خەرجیدەکرد.  یەکێکیشیان سەری خۆی نەوی کردبوو خەریکی کار و کوێرەوەریی خۆی بوو، پارەیەکی باشی کۆکردەوە. کاتی گەڕانەوەیان هات، ئەوەیان کە بەردەوام کاری کردبوو بە برادەرەکەی دیکەی گوت برالە ساڵ درەنگە و دەبێ بڕۆینەوە بۆ وڵاتی خۆمان؛ ماڵ و منداڵمان ئێستا چاوەڕوانن.  ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت جا بگەڕێمەوە چی بکەم ؟ بەخوا من یەک پەناتم پاشەکەوت نەکردووە. دوای قسە و باسێکی زۆر سەرەنجام ڕێکدەکەون کە پێکەوە بگەڕێنەوە. لە ڕێگادا ئەوەی قوماربازەکە خەنجەر لە ئەوی دی هەڵدەکێشێت و دەڵێت وەسیەتی خۆت بکە. بێ ئەملا و ئەولا هەر ئێستا دەتکوژم؟  ئەویش دەڵێت دایکت چاک، بابت چاک، بۆ دەمکوژی؟ کاکە مەبەستت هەر پارەیە، فەرموو پارەکە لە نێوەراستدا بەش دەکەین. هەر رازی نابیت کاکە هەمووی بۆ تۆ بەس مەمکوژە. چەندی داد و بێداد دەکات سوودی نابێت. قوماربازەکە پێی دەڵێت پێویست ناکات دوا وەسیەتی خۆت بکە دەنا دەتکوژم. ناچار کابرا دەڵێت کاتێک ماڵمان بەجێ هێشت ژنەکەم دووگیان بوو؛ هەرکە گەڕایتەوە بچۆ لای؛ ئەگەر منداڵەکەی کوڕ بوو پێی بڵێ ناوی بنێت "هەق وار حوکم یۆختی"؛ ئەگەریش کچ بوو کەیفی خۆیەتی..  هه‌ق وار حوکم یۆختی یانی هه‌ق هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵات نییه‌.

کابرای قومارباز هەر لەوێ برادەرەکەی دەکوژێت و پارەکەی دەنێتە تەنکەی گیرفانی و دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.  دەچێتە ماڵی برادەرکەی و بە ژنەکەی دەڵێت کەوا لە ڕێگادا مێردەکەی مردووە و پێش مردنیش ئەو وەسیەتەی کردووە..  تومەز منداڵەکە کوڕ بووە، بۆیە ژنه‌ ناوی لێدەنێت "هەق وار حوکم یۆختی". دوای ئەم ڕووداوە کابرای قومارباز به‌ پاره‌ی براده‌ره‌که‌ی دەبێتە گەورەترین بازرگان و سەرمایەداری شارەکە.  ساڵ دێت و ساڵ ده‌ڕوات، منداڵه‌که‌ گه‌وره‌ ده‌بێت. دایکی ده‌ینێته‌ به‌ر خوێندن. ڕۆژێک فه‌رمانڕه‌وای وڵات سه‌ردانی قوتابخانه‌کان ده‌کات بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ ره‌وشی په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی وڵات به‌سه‌ربکاته‌وه‌.  له‌و پۆله‌ی که‌ کوڕه‌ی بابکوژراو تێیدا ده‌خوێنێت، فه‌رمانڕه‌وا چه‌ند منداڵێت هڵده‌ستێنێت و پرسیاریان لێده‌کات. وا ڕێده‌که‌وێت ڕووده‌کاته‌ کوڕه‌ و ده‌ڵێت تۆ ناوت چییه‌؟ کوڕه‌ ده‌ڵێت "هه‌ق وار حوکم یۆختی"! ناوێکی ئاوا به‌لای فه‌رمانڕه‌واوه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو.  دووباره‌ لێی پرسییه‌وه‌ ناوت چییه‌؟ کوڕه‌ دیسان گوتی "هه‌ق وار حوکم یۆختی"! فه‌رماڕه‌وا مانای ئه‌و ناوه‌ی به‌ قووڵی لێکدایه‌وه‌ بۆیه‌ زۆر پێی تێکچوو. گوتی کوڕی کێیت؟ کوڕه‌ گوتی باوکم نه‌ماوه‌. به‌ر له‌وه‌ی له‌ دایک ببم باوکم مردووه‌. فه‌رمانڕه‌وا ده‌ڵێ کێ ئه‌و ناوه‌ی له‌ تۆ ناوه‌؟  کوڕه‌ ده‌ڵێت باوکم پێش مردنی وه‌سیه‌تی کردووه‌ و دایکم وه‌سیه‌ته‌که‌ی به‌جێگه‌یاندووه‌. فه‌رمانڕه‌وا ده‌ڵێت دایکت له‌ ژیاندا ماوه‌؟ کوڕه‌ ده‌ڵێت به‌ڵێ. فه‌رمانڕه‌وا فه‌رمان ده‌رده‌کات ده‌ڵێت به‌ زووترین کات ئه‌م کوڕه‌ و دایکی ده‌هێنن بۆ کۆشک بۆ لای من. هه‌ر دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا بۆ کۆشک فه‌رمانه‌که‌ جێبه‌جێده‌کرێت.  ژنه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا. فه‌رمانڕه‌وا سه‌باره‌ت به‌ ناوی کوڕه‌که‌ی پرسیاری لێده‌کات و ژنه‌که‌ش مه‌سه‌له‌که‌ چۆن بووه‌ هه‌مووی وه‌ک خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. فه‌رمانڕه‌وا ده‌ڵیت ئه‌و کابرایه‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ که‌ له‌و سه‌فه‌ره‌دا هاوڕێی مێرده‌که‌ت بوو؟ ژنه‌ ده‌ڵێت به‌ڵی فڵانه‌ بازرگانه‌یه‌. فه‌رمانڕه‌وا بازرگانه‌که‌ ده‌ناسێت چونکه‌ زۆر ناودار بوو؛ فه‌رمان ده‌رده‌کرێت که‌ ده‌سبه‌جێ کابرای بازرگان بهێنرێته‌ کۆشک؛ و فه‌رمان جێبه‌جێده‌کرێت.  فه‌رمانڕه‌وا کابرای بازرگان و ژنه‌ و کوڕه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌کتری ده‌کاته‌وه‌. سه‌ره‌تا بازرگان ده‌یه‌وێت هاشا له‌ راستییه‌کان بکات به‌ڵام دوایی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌مانڕه‌وادا ددان به‌ تاوانه‌که‌ی خۆیدا ده‌نێت و ده‌ڵێت به‌ڵێ من کوشتم و ته‌نیا بۆ خاتری پاره‌یش کوشتم. ئینجا فه‌رمانڕه‌وا ده‌ڵێت مادام هه‌ق هه‌یه‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیش جێبه‌جێ بکرێت! بڕیار ده‌دات که‌ ته‌واوی ماڵ و دارایی بازرگانه‌که‌ بدرێته‌ کوڕه‌که‌ و کابرایش هه‌تا مردن له‌ به‌ند بکرێت.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

یوتیووب